نووسەر: چالاکوانێکی کورد
بەروار: ١٦ی جوەزەردان ١٤٠٣
داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ژینا مۆدرێس گورجی، فێمینیست و چالاکوانی مافی ژنانی کورد دەکەین. دادگای شۆڕشی ئیسلامی شاری سنە سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەر ژینادا سەپاند. ئەمە هەواڵێکی کەم وێنە، و ئەوپەڕی نادادپەروەرییە.
پێشینە:
ژینا مۆدرێس گورجی چالاکوانێکی ناسراوە کە داکۆکی لە ماف و یەکسانی ژنان دەکات. چالاکییە بەرهەمدارەکانی ژینا، بووەتە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئاسایشی ئێران بیر لەو دوور خستنەوەی ناوبراو لە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان بکەنەوە. لە ٣٠ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠١دا، ژینا بۆ یەکەمجار لە کاتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەدتبەسەر کرا و دوای ٤٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. لە ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٢دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرایەوە و دوای ٨٤ ڕۆژ، بە بارمتەیەکی گران بە بڕی ٥ ملیار تمەن ئازادکرایەوە.
لە ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣ کۆتا دانیشتنی دادگای ژینا کۆتایی هات، کە لە ئەنجامدا سزای گرانی ٢١ ساڵ زیندانی لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە بەسەردا سەپێندرا.
-
١٠ ساڵ بۆ "دامەزراندنی دەستە و گروپی نایاسایی بە ئامانجی تێکدانی نیزام".
-
١٠ ساڵ بۆ "هاوکاری لەگەڵ گروپ و وڵاتانی دوژمن".
-
١ ساڵ بۆ "پڕوپاگەندە دژی نیزام".
هەروەها دادگا ژینای تۆمەتبار کردووە بەم تۆمەتانەی خوارەوە:
-
"دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیڤانۆ بە ئایدۆلۆژیای فێمینیست و بە ئامانجی دژایەتی نیزام"
-
"بەشداری ئامانجدار لە گردبوونەوە و دەربڕینی دروشمگەلی دژە باو"
-
"پەیوەندیکردن لەگەڵ ناوەندەکانی دژ بە ئێران"
-
"بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرک شۆپە نێودەوڵەتییەکان"
-
"بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیای بیانی بە مەبەستی ڕەشکردنی دۆخی وڵات و گرژکردنی کۆمەڵگا لە کاتێکی هەستیار وەک کۆچی دوایی مەهسا (ژینا) ئەمینی".
سزای ٢١ ساڵ زیندانی بەسەر ژینا مۆدەڕێس گورجی، نموونەیەکی ڕوونی سەرکوتکردنی توندی چالاکانی مافی ژنانە لە ئێران. هەوڵە ئاشتیخوازانەی ژینا بۆ داکۆکیکردن لە ماف و ئازادی ژنان پێویستە بەرز بنرخێنرێت نەک سزا بدرێت! ئەم سزایە تەنانەت بە پێوەری دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەوایە! ئەم سزایە نمونەی پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئەو ژنانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی لە کۆماری ئیسلامیدا.
داواکارییەکانمان:١. دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی سزاکە: داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ناڕەوای ژینا مۆدەڕێس گورجی و ئازادکردنی بەبێ مەرج دەکەین.
٢. ئیدانەی نێودەوڵەتی: داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەم حوکمە شەرمەزار بکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی لە حکومەتی ئێران بکەن.
٣. پشتیوانی بۆ چالاکانی ژنان: دەمانەوێت پشتیوانی لە چالاکانی مافی ژنان لە ئێران زیاتر بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لە دەستبەسەر کردن و سزای گران درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.
داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە دادپەروەری هەیە، لەگەڵمان بن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژی و سەرکوتکردنەی کە ژینا مۆدەڕێس گورجی و زۆرێک لە چالاکانی دیکە لە ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئێمە بە واژۆکردنی ئەم داواکارییە هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ ژینا نیشان دەدەین و داوای ئازادکردنی خێرای دەکەین.
سرکوب کنشگران زن و پیگرد آنها به دلیل دفاع ازحقوق زنان کورد را محکوم میکنم.