ئێمە، کۆمەڵێک لە چالاکانی بوارە جیاجیاکان، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، توێژەری کۆمەڵایەتی، چالاکی مافەکانی ژنانین. دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری، بە تۆمەتی "بەغی" و هاوکاری لەگەڵ تاقمەکانی ئۆپۆزسیۆن سزای لەسێدارەدانی بەسەر پەخشان دا سەپاند. ئەم بڕیارە لە ڕادەبەدەر نادادپەروەرانە و دوورە لە پێوەرە یاساییەکان.
پێشینە
پەخشان عزیزی، چالاکوانی کورد کە نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرکراوە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە تۆمەتی "بەغی" سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە. ئەم ژنە چالاکە کوردە لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ لە لقی ٥ی دادستانی ئاسایشی ئەڤین بە "بەغی" تۆمەتبار کرا و دانیشتنەکانی دادگا لە دوو جاردا لە ڕۆژانی ٨ و ٢٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣ بەڕێوەچوو. پەخشان عزیزی لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە تا سەپاندنی تۆمەتەکە مافی هەبووبی پارێزەری نەبوو و دوواتر و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای شۆڕش کرا.
پەخشان عزیزی، خەڵکی شاری مەهاباد و دەرچووی بەشی کۆمەڵایەتی زانکۆی ئەڵلامە تەباتەبایی بوو لە تاران، لە 13ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران دەستبەسەر و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە. لە هەمان کاتدا چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەی دەستگیرکراون و دوای چەند ڕۆژێک لێکۆڵینەوە ئازاد کران.
پەخشان عزیزی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، مافی چاوپێکەوتنی خێزانەکەی و هەبوونی پارێزەری لێ زەوت کرابوو، هەروەها لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا بووە بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ. لە ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٢ لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەشی ژنانی ئەم زیندانە گوازراوەتەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ١٦ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣وە بە فەرمانی ئەنجوومەنی دیسپلینی گرتووخانە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی نەبووە، لەم دواییانەدا لە نامەیەکدا لە ناو زیندانەوە باسی لەوە کرد کە بۆ ماوەی ٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.
پەخشان عزیزی پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو. ناوبراو یەکەمین جار لە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ لە میتینگی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژی لەسێدارەدانی گیراوە سیاسییەکان لە کوردستان دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای ٤ مانگ لە دەستبەسەر کردنی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و دوای ماوەیەک ئێرانی بەجێ هێشت و لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەمایەوو. لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر ڕۆژاوا (کوردستانی سوریا) وەک توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکانی ئەو ناوچەیە سوردانی ئەو هەرێمەی کرد.
سزای لەسێدارەدانی پەخشان عزیزی نموونەیەکی ڕوونی سەرکوتی توندی چالاکانی مافی ژنانە لە ئێران. هەوڵە ئاشتیخوازانە و هاوکارییەکانی بۆ ژنانی ڕۆژاڤا کە لەلایەن هێزەکانی داعشەوە ڕووبەڕووی زوڵم و چەوساندنەوە ببوونەوە، جێگای ڕێز و دەستخۆشییە. پێویستە دەستخۆشی لە پەخشان عزیزی بکرێت بۆ ئەو هەوڵانەی نەک سزا بدرێت!
پەخشان عزیزی لە نامەکەیدا بە ڕوونی باسی ئەو زوڵمە مێژووییە دەکات کە بە هۆی ژن بوون و کورد بوونەوە تووشی بووە، ئەزموونی ژن بوون و کورد بوون ئەزموونێکی چەوساندنەوەی مێژووییە کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
پەخشان عزیزی له نامەکەیدا له زیندانەوه بڕوای پتەوی خۆی به پێویستی شۆڕشی زیهنی، دیموکراتیزه کردنی کۆمەڵگا، زاڵبوون به سەڕ سێکسیزم و دیموکراتیزه کردنی ئایین دەڕبڕیوە. یەو ڕزگاری مرۆڤایەتی لە هزردایە، پێویستە ئەم بیرکردنەوانە جێی ڕێز بن و سانسۆر نەکرێت و خاوەنەکەی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا نەسەپێنرێت. ئەم بڕیارەی دادوەر ئەفشاری هێمای پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤە و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی یەو ژنانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕین بەرامبەر بە ئاپارتایدی ڕەگەزی و هەڵاواردنی نەتەوەیی لە کۆماری ئیسلامیدا.
داواکارییەکانمان:١. هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزاکە: دەمانەوێت دەستبەجێ حوکمی لەسێدارەدانی ناڕەوا بۆ پەخشان عزیزی هەڵبوەشێتەوە.
٢. ئیدانەی نێودەوڵەتی: داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە ئەم بڕیارە شەرمەزار بکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی لە حکومەتی ئێران بکەن.
٣. پشتیوانی بۆ چالاکانی ژنان: دەمانەوێت پشتیوانی لە چالاکانی مافی ژنان لە ئێران زیاتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەبێ ترس لە دەستبەسەر کردن، ئارەزوومەندانە کار بکەن.
داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە دادپەروەری هەیە، لەگەڵمان بن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو توندوتیژی و ستەمکارییەی کە هەڕەشە لە ژنانی ئازادیخواز دەکات و بە واژۆکردنی ئەم داواکارییە، پشتیوانی خۆیان بۆ زیندانییە سیاسییە ژنەکان ڕابگەیەنن.
sign-public